لەبارەی فرۆشتنی دەرمانە رووسییەكەی كۆرۆنا لە بازاڕ روونكردنەوە دەدرێت
تەندروستی ھەولێر: ئاگادارنین لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنی پێوەبكرێت
K24 - ھەولێر
بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئاگاداری مامەڵەکردن بە دەرمانە رووسییەکە نین لە بازاڕ. دەشڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی ئەو دەرمانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دابین دەکات.
لەلایەن ھەندێك كەس و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە دەرمانە رووسییەكە لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت، بەڵام تەندرستی ھەولێر رەتیدەكاتەوە كە ئەوان رێگەیان بەوەدابێت و ئاگاداریش بن.
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر داواشی لە هاووڵاتییان کرد خۆیان لە کڕینی دەرمانە رووسییەکە بەدوور بگرن، چونکە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە بە چاودێری پزیشکی دەبێت و چەندین کاریگەری لاوەکیشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت.
گوتیشی: "ئێمە رێگەمان بەوە نەداوە ئەو دەرمانە لە بازاڕ مامەڵەی پێوەبكرێت، لەبەر ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تێچووی ئەو دەرمانەی لە ئەستۆ گرتووە و بۆ سەرجەم تووشبووانی كۆرۆنا بە خۆڕاییە، بۆیە پێویستناكات ھاووڵاتییان لە دەرمانخانەكان بیكڕن".
بژار مووسا، روونیكردەوە: "دەرمانە رووسییەكە تەنھا بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت كە نیشانەكانی كۆرۆنایان لێدەركەوتووە، ئەو كەسەی بۆی بەكاردەھێندرێت دەبێ لەژێر چاودێری پزیشكیدا بێت، چونكە ئەو دەرمانە چەندین كاریگەری لاوەكی ھەیە بۆسەر مرۆڤ، ئەگەر ھەر كەسێك بێ پزیشك بەكاری بھێنێ رەنگە كاریگەری نەرێنی ھەبێت بۆسەر جەستەی".
ئاماژەی بەوەشكرد: "دەرمانەكە لە ماوەی ھەفتەیەكدا كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت، چونكە ھێشتا لە ھەولێر سێ رۆژە بۆ نەخۆشەكان بەكاردەھێندرێت كاریگەرییەكانی ھێشتا دەرنەكەوتووە".
دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (Favipiravir)ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێندرا و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق پەسند كرا. ئەو دەرمانە بەپێی رێككەوتنی نێوان عێراق و رووسیا لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێنراوە. لە 16/7/2020 لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر بەسەر نەخۆشخانەكان دابەشكراوە و دراوە بە تووشبووانی كۆرۆنا.