ستارمەر: ترەمپ بە مەبەست داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات بودجەی بەرگرییان زیاد بکەن

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا مەبەستێکی هەیە کە داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات بودجەی بەرگریان زیاد بکەن؛ هاوکات هەوڵیش دەدات سوپایەکی فرەنەتەوە دروست بکات و وەکوو هاوپەیمان بینێرێتە ئۆکرانیا.

یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر زاری کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڵاوی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە فشارخستنە سەر وڵاتانی ئەورووپا بۆ بەهێزکردنی بەرگرییان، مەبستێکی تایبەتی خۆی هەیە.

هەروەها جەختیشی کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ بەرگری و ئاسیشیی وڵاتەکانیان بەهێزتر بکەن.

ئەو ڕۆژنامه‌ ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەوڵ دەدات سوپایەکی فرەنەتەوە دروست بکات و وەکوو هاوپەیمان بینێرێتە ئۆکرانیا بۆ بەرگریی لە سنوور و بەندەر و شوێنە گەشتییارەکانی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی سەقامگیریی ئاشتیی لە ناوچەکە.

ستارمەر گوتیشی،  پێم وایە پەیوەندییەکی باشمان هەیە، بەڵام کردەوەکانی ئەم دواییه‌ی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی 25٪ لەسەر ئاسنی بەریتانیا و ڕەخنەكانی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا تا ڕادەیەک بووه‌تە هۆی سەرلێشێواوی لە پەیوەندییەکان.

پێشتر، کرێملن ڕایگەیاندبوو یەکێک لە مەرجەکانی پابەندبوون بە ئاگربەستی ئۆکرانیا ئەوەیە نابێت هیچ هێزێکی ئاشتیپارێز لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا جێگیر بكرێت.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا پێشنیازی پلانێکی کرد بۆ پێدانی 800 ملیار یۆرۆی لە قەرزی هاوبەشیی یەکێتیی ئەورووپا بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بۆ بەرزکردنەوەی توانا بەرگرییەکانی خۆیان؛ بڕیاریشە لە دەستپێکی پلانەکە 150 ملیار یۆرۆ وەکوو قەرز بدرێتە وڵاتانی ئەورووپا.