قەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ئاشکرا دەكرێت
خەرجی مووچە بە سێگۆشەی مەرگ وەسف دەکات
K24 – ھەولێر
سەرۆکی چاودێری دارایی پێشووی عێراق ئاشكرای دەكات، نزیکەی 66 ترلیۆن دینار بۆ مووچە خەرج دەکرێت.
عەبدولباست تورکی، سەرۆکی چاودێری دارایی پێشووی عێراق دەرهاویشتە نەرێنییەکانی بودجەی ئەمساڵ ئاشکرا دەکات، کە نزیکەی 66 ترلیۆن دینار بۆ مووچە خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا خەرجی مووچە لە ساڵی 2019 نزیکەی 56 ترلیۆن دینار بوو.
ئەو بەرپرسەی پێشووی عێراق خەرجی مووچە بە سێگۆشەی مەرگ وەسف دەکات و دەڵێت "کێشەی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنان دروستدەکات".
عەبدولباست تورکی دەڵێت، پەسەندنەکردنی بودجەی 2020 زیانی گەورە بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت و سەرەڕای زیانە گەورەکانی، بەڵام پێویستە حکومەت بودجەی ئەمساڵ ئامادە بکات و پەرلەمانیش پەسەندی بکات.
هەروەها دەشڵێت، قەبارەی خەرجییەکانی مووچە لە 2020 بۆ 66 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکا لە ساڵی 2019 خەرجییەکانی مووچە 56 ترلیۆن دینار بووە، ئەوەش بەو واتایە دێت حکومەت تەنیا مووچەی فەرمانبەران دابیندەکات، نەک دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.