کایا کالاس سەردانی ئیسرائیل و فەڵەسیتین ده‌كات

نووسینگەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند بڕیارە کایا کالاس سەردانی ئیسرائیل و فەڵەستین بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو وڵاتە کۆ ببێتەوە.

یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025، نووسینگەی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە کایا کالاس بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی ئاگربەستی غەززە سەدانی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات.

هەروەها نووسینگەکە ئاماژەشی داوە، لەگەڵ بەرپرسان و وەزیرانی فەڵەستین و ئیسرائیل باس لە ناکۆکییەکانی ئەو دواییە ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل و کردنەوەی دەروازەکانی غەززە بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن.

ڕۆژی هەینی 21ـی ئاداری 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بۆمبارانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و ئۆپه‌راسیۆنە زەمینییەکەی بۆ سەر ئەو کەرتە گوتی: غەززە ڕووبەرڕووی 'کابوس' بووه‌تەوە.

هاوکات داخستنی دەروازەکان لەسەر بارهەڵگرەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان زیاتر بارودۆخەکەی بەسەر هاووڵاتییانی فه‌ڵەستینی قورستر کردووە.

لەو بارەیەوه‌، بڕیارە کایا کالاس، لەگەڵ جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و یار لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کۆ ببێتەوە.

هاوکات بە گوێرەی ڕاگەینراوی نووسینگەکە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی بریاری دەسگیرکردنی لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لە بەرانبەر هاووڵاتییان لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆ نابێتەوە.

هەروەها لەسەردانەکەیدا لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین و محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین کۆ دەبنەوە.

شەممە 22ـی ئاداری 2025، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەره‌نسا و بەریتانیا کە ناسراوەن بە (E3) ڕاگەیندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی دۆخی غەززە بڵاو کردووەتەوە و داوایان لە ئیسرائیل كردووه‌ ڕێگە بدەن هاوکارییە مرۆییەکان كه‌ بریتین له‌ کارەبا و ئاو پێداویستییە سەرەتاییە پزیشکییەکان بگه‌نه‌ غەززە.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە بنبەست گەیشت.

هەروەها لە 2ـی ئاداری 2025 لەو کاتەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە، ئیسرائیل هەموو دەروازەکانی لەسەر غەززە داخستووە و ڕێگە نادات هیچ بارهەڵگرێکی هاوکاری مرۆیی بچێتە ئەو کەرتە.