ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بڕیار لەبارەی رێكار و رێنمایی نوێ دەدات
بەسەرپەرشتی پارێزگار لە كۆبوونەوەدایە
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بڕیار لەبارەی رێكار و رێنمایی نوێ بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات و بەگوێرەی زانیارییەكان سبەی چەند شوێنێك دەكرێنەوە
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر لە بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر لە كۆبوونەوەدایە و بڕیار لە رێكار و رێنمایی نوێ دەدات".
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، بڕیار دەدرێت لە سبەی یەكشەمەوە لە بە رێنمایی و رێكاری نوێوە ھۆڵەكانی وەرزشكردن لە سنووری ھەولێر دەكرێنەوە، كە پێشتر خاوەن ھۆڵ و وەرزشكاران داوایان كردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێننامە لە خاوەن ھۆڵەكان وەرگیراوە كە رێكار و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، ھاوكات رێگە بە شوێنی مەی خواردنەوە دەدرێت، بەڵام بە مەرجێك نابێ ھۆڵ و ژوورەكان بەكاربھێنن، بەڵكو دەبێ لە باخچەكان دابیشن.
پەیامنێرمان راشیگەیاند، رێكار و رێنمایی تاكپارێزی توندتر دەكرێن و قایمقامەكان راسپێردراون كە بە چڕی چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بكەن.
ھاوكات مەرج و رێنمایی نوێ بۆ گەشتیاران لە فڕۆكەخانەی ھەولێر دادەنرێت، كە بڕیاردراوە پێنج شەممە 23/7/2020 گەشتە ئاسمانییەكان دەست پێبكاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبری فڕۆكەخانە و بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر میكانیزمێكی تایبەت دادەنێن.