یونیسێف: ملیۆنان عێراقی ئاوی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ڕێکخراوی یونسێف ڕایانگەیاند، بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، ملیۆنان هاووڵاتی ڕووبەڕووی گرفتی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی عێراق و یونسێف لە ڕۆژی جیهانیی ئاودا، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، تێیدا داوایان کرد، هەنگاوی خێرا بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و چارەکردنی خراپتربوونی قەیرانی ئاو و دەستڕاگەیەشتن بە ئاو، بنرێت.

لەم بارەیەوە سەرۆکی تیمی ئاوی نیشتمانی و بەڕێوەبەری گشتیی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی عێراق، جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان کردەوە و ڕایانگەیاند "لەکاتێکدا ڕووبەڕووی کەمئاوی دەبینەوە، هەموومان بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم سامانە بەنرخەمان لە ئەستۆدایە." ئاماژەیان بەوەش کرد "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نیشتمانیی ئاو و بە پاڵپشتی یونیسێف دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی چەندان پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگ."

ڕوونیشیان کردەوە، پرۆژەکان بریتیین لە "نوێکردنەوەی پلانە بنەڕەتییەکانی پڕۆژەکانی ئاو بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەسەندکردنی ئۆتۆماتیکیکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانە، هەروەها پلانی داهێنەرانە بۆ دابینکردنی ئاو لەڕێگەی زیادکردنی توانای کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا. جگە لەوەش پەسەندکردنی پلانی سەلامەتیی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگی بەکارهێنان و پاراستنی ئاوی خاوێن، بەشیکی دیکەی ئەو پرۆژانەن."

هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ڕێکخراوی یونسێف، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی و بە بیابانبوون، قەیرانی ئاو لە عێراق بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش وایکردووە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی ئاوی ڕووبارەکان؛ لە ئەنجامدا ملیۆنان عێراقی بە ئاسانی ئاوی خاوێنی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، تیشک خرایە سەر هەوڵە هاوبەشەکانی یونیسێف لە عێراق و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە لە ڕێگەی کاری پێکەوەیی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی، بەشداریی لە گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام بە ئاوی پاک.

ئەندازیار عەلی ئەیوب، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و پاکوخاوێنی ئاو لە یونیسێف، گرنگی هاوکارییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕوون کردەوە و گوتی: ئەرکی ئێمە دەستڕاگەیشتنی منداڵانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە لەبەر دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی پاک، زۆرترین زیانیان پێ گەیشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی کە زیانی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای پێ گەیشتووە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە "عێراق  تا ساڵی 2040، پێویستی بە 233 ملیار دۆلار دەبێت لە وەبەرهێنان بۆ دابینکردن و گەشەپێدان و دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی سەوزتر و گشتگیرتر."

ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کە عێراق لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەست داوە.