ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر ئاشكرا كرا
.
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر كۆبووەوە و قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات و بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری نوێ لەبارەی ھاتووچۆ و كردنەوەی شوێنە داخراوەكان بدات.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چەند پێشنیازێك خرانەڕوو بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تاوتوێ بكرێت، كە رۆژی سێ شەمەی داھاتوو بە ئامادەبوونی پارێزگارەكان كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ دەدات، بۆیە ئێمە ھیچ بڕیارێكمان دەرنەكرد و رۆژی سێ شەمەی داھاتوو بڕیار و رێنمایی نوێمان دەبێت".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوكەدا باسی ھەموو شتێك كراوە وەك ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و ئەو شوێنانەی كە بەڵێنیان پێدرابوو بكرێنەوە، بەڵام بڕیارەكان دواخران".
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، راشیگەیاند: "دەسەڵات بە قایمقامەكان دراوە بڕیاری پێویست و گونجاو بدەن، چونكە دۆخەكە لە قەزایەك بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە".