ئیتاڵیا.. ژیریی دەستکرد یەکەم ڕۆژنامە بڵاو دەکاتەوە

ڕۆژنامەی "ئیل فۆغلیۆ"ی ئیتاڵی
ڕۆژنامەی "ئیل فۆغلیۆ"ی ئیتاڵی

کلاودیو سیراسا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "ئیل فۆغلیۆ"ی ئیتاڵی، ڕایگەیاند، لەمەودوا و بۆ ماوەی مانگێک، وەک تاقیکردنەوە، ڕۆژنامەکەمان بە تەواوەتی لە لایەن ژیریی دەستکردەوە ئامادە و چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

ئێل فۆغلیۆ، ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی لیبراڵە، لەمەودوا بە چاپێکی چوارلاپەڕەیی لە لایەن ژیریی دەستکردەوە ئامادە و چاپ و بڵاودەکرێتەوە و خەڵک دەتوانن لە سبەینێ سێشەممەوە، 25-03-2025، بیکڕن. هەروا بە شێوەی دیجیتاڵیش لە ئینتەرنێت بەردەست دەبێت.

کلاودیۆ سیراسا، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە گوتی: ڕۆژنامەکەمان دەبێتە یەکەم ڕۆژنامە کە سەرلەبەر لە لایەن ژیریی دەستکردەوە بەڕێوە دەبرێت. ژیریی دەستکرد، هەموو کارەکانی ڕۆژنامەکە، وەک نووسین و هەڵسەنگاندنی کتێب و بابەتی ساتیر و کورتەی هەواڵەکان، دەکات. 

کاتێک سەبارەت بە ڕۆڵی نووسەرانی ڕۆژنامەکە پرسیاری لێ کرا، سیراسا گوتی: ئەوان تەنها سەبارەت بە بابەت و ڕووداوەکان پرسیار لە ژیریی دەستکرد دەکەن و وەڵامەکان تۆمار دەکەن.