هەولێر.. ئەو زەوییانەی کە سەوزە تێیدا بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن تێکدەدرێن

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئاماژە بەوەدەکات، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ تێکدانی هەموو ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەویان تێک داوە.

دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەین کە گومان دەکرێت بەرهەمەکانی سەوزە تێیدا بە ئاوی پیس ئاو درابن، چونکە ئەم ئاوە بەبێ ڕیسایکلین بەکاردێت و زیانێکی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی کە بە ئاوی پیس بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ئاو دەدران تێکدراون.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، دیاردەکە بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو کەم بووەتەوە، بەڵام هەندێک جار لە چەند شوێنێک دەبیندرێت، سەڕەرای ئەمەش هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ بن بڕکردنی ئەم دیاردەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەكانی ڕابردوو لە چەند شوێنیکی شاری هەولێرم زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی پیس ئاودەدران و ئەمەش بووە هۆی گلەیی و ناڕەزایەتی زۆری هاووڵاتییان.