پەرلەمانتارێک: کازمی تەنیا تویت و پۆست دەکات

"چاكسازی لە دەروازە سنوورییەكان ھەڵمەتی پڕوپاگەندەن"

K24 - ھەولێر

بەشێك لە سیاسەتمەنداران و پەرلەمانتارانی عێراق پێیانوایە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەماوەی دەستبەكاربوونیەوە تائێستا ھیچ ھەنگاوێكی كردەیی نەناوە، بۆ چارسەركردنی پرسی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ھاووڵاتییان. ئاماژە بەوەشدەكەن، كازمی بڕیارەكانی تەنیا ھەڵمەتیێكی راگەیاندنە، بۆیە داوای لێ دەكەن واز لە پۆستی فەیسبووك و تویتەكانی بھێنێت و ھەنگاوی كردەیی بنێت.

حوسێن عوقابی، پەرلەمانتاری کوتلەی وەتەنی جەختدەكاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق لەبری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەری قەیرانەکان، بەبیریشیهێنایەوە کە حکومەتەکەی بەغدا بەڵێنی چارەسەری پرسی گەندەڵی داوە، بەڵام جگە لە چەند تویتێک و پۆستێک هیچ کردەوە و بڕیارێک واقیعی نەدراوە، بەتایبەت بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیكە.

عوقابی راشیگەیاند، کە خەڵکی چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو کەوتن و خراپبەکارهێنانەی دەسەڵات بگرێت.

لەبارەی ھەوڵكانی كازمی بۆ رێخكخستنەوەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، عەباس عەرداوی سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێت، بڕیارەكانی كازمی بۆ رێكخستنەوەی كاری دەروازەو گومرگەكان ھەڵمەتی راگەیاندنەكانیەتی و ھیچی دیكە نییە.

عەرداوە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم بڕیارەكانی مستەفا كازمی پڕوپاگەندە و ھەڵمەتی راگەیاندنە، ئەگینا ھیچ بڕیارێكی دروستی لەبارەی چاكسازی لە دەروزە سنوورییەكان نەداوە. لەماوەی رابردووشدا كازمی تەنیا سەردانی دەروازەی سنووری مەندەلی كردووە، بەڵام پێویستە سەردانی مەیدانی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بكات.

ھەروەھا میساق ئەلحامدی، ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، راسپاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، لەلایەن كازمی بۆ دابینكردنی مووچەی 30 ھەزار خانەنیشین ھەڵمەتی پڕوپاگەند و راگەیاندنە بۆ كارەكانی. لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە پێشترو بەر لە سەردانەكەی كازمی بۆ بەسرە، مووچەی ئەو 30 ھەزار خانەنشینەیانەی لە رێگەی داھاتی دەروزە سنوورییەكانەوە دابین كردبوو، بەڵام كازمی ھەلەكەی قۆستەوە.