ترەمپ: لەگەڵ ئۆکرانیا لەبارەی کانزا دەگمەنەکان ڕێککەوتین

سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی کۆبوونەوەی شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە سعوودیە گوتی: لەسەر کانزا دەگمەنەکان گەشتووینەتە ڕێککەوتین.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی ڕایگەیاند، لەسەر کانزا دەگمەنەکان ڕێککەوتین و لە نزیکترین کاتدا ئیمزای دەکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: لە گفتوگۆیەکانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا باس لە خاوەنداریەتی وزەی کارەبایی ئۆکرانیا کراوە و ئێستاس گفتوگۆ لەبارەی ناوچەکان دەکەین.

لای خۆیەوە دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا "کرێملن"، لە بارەی کۆبوونەوەکانی سعوودییە ڕایگەیاند، تێگەشتنێکی هاوبەش لە کۆبوونەوەکاندا بۆ گەشتن بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا هەیە.

هەروەها ئاماژەشی دا، کۆبوونەوەکانی سعوودییە کار لەسەر کێشە تەکنیکییەکان  و پێشنیازەکانی پوتین و ترەمپ دەکەن بە تایبەت ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە دەریای ڕەش، بۆ مەبەستی پاراستنی کەشتییەکانی ناوەچەکە.

هەر ئەمڕۆ ڕاستەم ئەمیرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا لە جددەی سعوودیە کۆتایی هاتووە، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بنیاتنەریان کردووە.

وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا جەختی کردەوە "لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەمەریکا سەرنجی سەرەکیان لەسەر پرسی وزە بووە، گفتوگۆکانیشیان بەردەوام دەبێت، چونکە ئۆکرانیا بەدوای ئاشتیەکی درێژخایەنەوەیە."