دەستەی وەبەرھێنان پلانی بۆ 133 پڕۆژەی كشتوكاڵی داڕشتووە
حكوومەت پارەی زیاتر بۆ كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی تەرخان دەکات
K24 - ھەولێر
پلانی 133 پڕۆژەی کشتوکاڵی لەلایەن دەستەی وەبەر ھێنان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە داڕێژراوە کە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵى و پیشەسازی دەدات لە ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانیش گفتوگۆیان کردووە تا دەستبکرێت بە جێبەجێ کردنیان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانیش دەڵێت لە ماوەیەکی نزیکدا دروستكردنی پێنج ناوچەی پیشەسازی گرنگ دەستپێدەکەن كە دەبێتە ھۆی زیادكردنی بەرھەمە كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵی.
لە کارە لە پێشینەییەکانیاندا دروستیکردنی کێڵگەی کشتوکاڵی و خانووی سەوزە و میوە و کارگەی گەورەی بەرھەمە شیرەمەنییەکانە لە ھەر چوار پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەبەوەدەكات، لەسەرەتا گرنگی زیاتر بە دروستکردنی کارگەی شیرینەمەنی دەدەین و دەستکراوە بەگفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان و 5 ناوچەی پیشەسازی پلانی دروستکردنی داندراوە لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێدەکرێن.
ئاوارە حەمید، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەیی بەرنامەی وەزارەتەکەیان بۆ پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ لە ساڵی رابردوو مۆڵەتیان بە دروستکردنی 178 پڕۆەی کشتوکاڵی داوە
دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ مەرجیان لەسەر ھەر کۆمپانیایەک داناوە کە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی یان پیشەسازی ئەنجام دەدات لە 90% دەستی کاری ناوخۆی سوودی لێوەر بگرن و دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی کار بکەن لەو پڕۆژانە.