فوئاد حوسێن و عراقچی بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، دوایین پێشهاتەکانی غەززە و لوبنانیان تاوتوێ کرد و پێداچوونەوەیان بە ناوەڕۆکی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێران کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند "ئێوارەی دووشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، کردووە."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی غەززە و لوبنانیان تاوتوێ کردووە لە پاشخانی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلییەوە، جگە لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران "نیگەرانی خۆی لەم پێشهاتانە" دەربڕی. هەروەها کورتەیەکی ناوەڕۆکی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ ئایەتوڵلا خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بۆ هاوتا عێراقییەکەی باس کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ئێران وەڵامی پەیامەکە دەداتەوە."
لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی بەردەوامیی پەیوەندیی و هەماهەنگی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
فوئاد حوسێن، نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕی، هەنگاوی پێداچوونەوەی بە ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆک ترەمپ بەرزنرخاند و هیوای خۆی دەربڕی کە ئاڵوگۆڕی نامەکە یارمەتیدەر بێت بۆ کردنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا.