دوو بارمتە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ ناتانیاهۆ و ترەمپ دەنێرن

دوای ئەوەی حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆی نوێی بڵاو کردەوە، تێیدا دوو بارمتەی دیکەی ئیسرائیل داوای ڕزگارکردنی ژیانیان دەکەن، بنەماڵەی ئێلکانا بوحبوتی، نامەیەکیان ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد.

خێزانەکە، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: تکایە وابزانە ئەمە کوڕەکەتە چاوەڕێی بینینی ڕۆژە و گوێی لە بۆمبەکانی سوپای ئیسرائیل دەبێت و لە ترس و دڵەراوکێدا دەژی.

خێزانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "ڤیدیۆکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوان هێشتا لە ژیاندان، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئێلکانا لە ژیاندا بێت و بگەڕیتەوە ماڵەوە لەگەڵ هەموو ئەو بارمتانەی دیکەدا."

خێزانەکە دەڵێن: ئێلکانا نەخۆشیی پێست و تەنگەنەفەسی هەیە، نزیکەی ساڵ و نیوێکە تیشکی ڕۆژی نەبینیوە، پێدەچێت باری تەندروستیی خراپ بێت، بەهۆی برسێتی بەردەوامەوە بەشێویەکی بەرچاو کێشی دابەزیووە."

حەماس، درەنگانی شەوی دووشەممە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بێڕێکەوتی بڵاو کردەوە، تێیدا بوحبوت و بارمتەیەکی دیکە بە ناوی یوسف حەیم ئۆهانا، چەند ڕۆژێک دوای دەست پێکردنەوەی هێرشە توندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، دەردەکەون.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، باس لەو مەترسییە دەکەن لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

گرتە ڤیدیۆکە، ماوەی سێ خولەکە، تێیدا دەردەکەوێت کە ئەو دوو بارمتە لەسەر زەوی دانیشتوون، بە زمانی عیبری لەڕێگەی کامێراوە قسە لەگەڵ بارمتەیەک دەکەن کە پێشتر ئازادکرابوو، داوای ئەوە دەکەن ئەزموونی خۆی لە دیلێتیدا بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئازادکردنیان خێراتر بکات.

ماوەی زیاتر لە 17 مانگە ئەو دوو کەسە لە غەززە ڕاگیراون و پێدەچێت ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست، تۆمار کرابێت.