غەززە.. نەتەوە یەکگرتووەکان کارمەندەکانیان کەم دەکەنەوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژران و بریندارسنی هاووڵاتییان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و هێرشکردنە سەر کارمەندە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری داوە بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ، کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "یەک لەسەر سێی کارەمەندە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەززە دەکشێنینەوە پاش ئەوەی ئەندامێکمان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، کوژراوە."

هەروەها ئاماژەشی دا، لەم هەفتەیە  لە سەد کارمەند 30 کارمەندیان کەم کردووتەوە، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی لە ڕۆژانی داهاتوودا کارمەندی زیاتر لە کەرتەکە بکشێننەوە.

هیواشی خواست کە هاووڵاتییانی غەززە بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ کەرتەکە، جەختیشی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەرتە بە جێ ناهێڵێت.

دوجاریک، ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە 19ـی ئاداری 2025 بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دێر ئەلبەلەح بۆردومان کرا، کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕەگەز بولگاری و برینداربوونی شەش کەسی دیکە بە ڕەگەز فەرەنسی، مۆڵدۆڤی، باکووری مەسەدۆنی، فەلەستینییەک و بەریتانییەک.

باسی لەوەش کردووە کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا ناسراوە، بۆیە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆلینەوەی لە ڕووداوەکە کردووە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشیان کردووتە سەر بنکەیەکی حەماس.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بارەگاکەیان لە ڕەفەح، لە باشووری ئەو کەرتە خاپور بووە.