داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نوێ دەکرێنەوە
بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق ڕایگەیاند، دەست دەکەین بە نوێ کردنەوەی بایۆمەتری.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەمڕۆ سێشەممەوە، 25ـی ئاداری 2025، لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەست بە نوێکردنەوەی بایۆمەتری دەکەین. تاوەکو ئەوانەی ڕێکەوتی لە دایکبوونیان دەکەوێتە ساڵی 2007، بتوانن سەردانی بنکەکان بکەن، تاکو کارتی هەڵبژاردن دەربهێنن.
نەبەرد عومەر دەڵێت: ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوێزنەوە، یاخود بنکەی دەنگدانیان بگۆڕن، بە هەمان شێوە دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بەمەبەستی گۆڕینی شوێنی دەنگدانیان.
دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەم جارە هەڵبژاردنی عێراقە، لە هەر 18 پارێزگاکەی عێراق ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە هاووڵاتی دەتوانێ شوێنی دەنگدانی بگوازێتەوە لە ڕێگەی بنکەکانەوە، تەنیا لە پارێزگای کەرکووک، موسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار هیچ گواستنەوەیەکی تێدا ناکرێت، چونکە ئەوانە ماددەی 140ن؛ لە دوو حاڵەتدا نەبێت، یەکەم ،ئەو کەسانەی هاوسەرگیریان کردووە بۆ نموونە یەکێکیان لە کەرکووکە و ئەوی تریان لە هەولێرە، ئەوە دەتوانرێت گواستنەوەیان بۆ بکرێت، بەمەرجێک بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان هەبێت. مەرجی دووەم، خێزانەکە لە هەولێرە و سەرۆکی خێزانەکە لە کەرکووکە، بۆ ئەمەش دەتوانرێت گواستنەوەیان بۆ بکرێت. هەروا زیادکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە پیشتر لەبەر کەمیی تەمەنیان مافی دەنگدانیان نەبووە.
نەبەرد عومەر ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی مردوویان هەیە دەتوان ڕەشکردنەوەیان بۆ بکەن، ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدان دەربهێنن. ئەوانەی هێزی ئەمنیین و خانەنشین بوون، یاخود ئەوانەی ناویان بەهەڵە گەڕاوەتەوە، دەتوانن سەردانی بنکەکانمان بکەن و بۆ ڕاستکردنەوەی ناو و گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونیان.