هێزەکانی ئۆکرانیا چوار هێلیکۆپتەری ڕووسیایان تێک شکاند

دووشەممە، 24ـی ئادار، 2025 هیزە تایبەتەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە چوار هێلیکۆپتەری ڕووسیایان تێک شکاندووە.
هێزە تایبەتەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند "لە ناوچەی بیلغۆرود، چوار هێلیکۆپتەری ڕووسیایان بە سیستەمی مووشەکیی هیمارز، تێک شکاندووە."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هێزەکانی کردە سەربازییە تایبەتەکان بە هاوکاریی سەرکردایەتیی کردەتایبەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا و هێزەکانی تۆپخانە و مووشەکهاوێژ، دوو فڕۆکەی جۆری KA-52 و دوو هێلیکۆپتەری MI-8 یان لە ناوچە بیلغۆرودی ڕووسیا، تێک شکاندووە.
ئەو زەبرە لە پێگەیەکی نهێنیی هەڵفڕینی هێلیکۆپتەرە ڕووسییەکان دراوە، کە بۆ هێرشی ناکاو و چاوەڕاوننەکراو بۆ سەر ئۆکرانیا بەکار دەهێنرێت.
لە 18 ی ئادارەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا پەلاماری هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی بیلغۆرود، بە تایبەی گوندی دیمیدوڤکا، دەدەن."
هێزەکانی ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕووبەرێکی بچووکیان لە ناوچەی بێلغورود داگیر کردووە، بەڵام نازانرێ ئەوە ڕاستە یان نا؟
فەرماندەیی کردە سەربازییە تایبەتییەکانی ئۆکرانیا، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا تێکشکانی یەکێک لە چوار هێلیکۆپتەرە ڕووسییەکە، دەردەکەویت.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی شاری سۆمی لە ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، مووشەکێکی ڕووسی بەر ناوچەیەکی ئاپۆڕە بە دانیشتووان کەوتووە و لە ئەنجامدا 88 کەس بریندار بوون، لە نێوانیاندا 17 منداڵ هەن.
ئەدری سیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا سەبارەت بەو هێرشە مووشەکییە، گوتی: ڕووسیا لە بریتی ئەوەی قسەی بێناوەرۆک سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بکات، باشترە دەست لە بۆمبارانی شارەکانمان و کوشتنی خەڵکی بێچەک هەڵ بگرێت.