بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە: تانکەرێکی سووتەمەنی ئاوی زێی بچووکی پیس کردووە

بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە ڕایدەگەیەنێت: تانکەرێکی سووتەمەنی ئاوی زێی بچووکی پیس کردووە، بۆیە بە ناچاری هەموو ئەو پرۆژانەمان ڕاگرتووە کە لەو سەرچاوەوە ئاو وەردەگرن.
سێشەممە، 25-03-2025، هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو، دووشەممە، 24-03-2025، شۆفێری تانکەرێکی سووتەمەنی، ماددەی زیانبەخش و بۆنناخۆشی ڕشتووەتە نێو ئاوی زێی بچووک."
هۆگر کەیفی باسی لەوەش کرد "بەهۆی تێكەڵبوونی ماددەی زیانبەخش بە ئاوی زێی بچووک و بەمەبەستی پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، هەموو ئەو پرۆژانەی ئاو لەو سەرچاوەیە وەردەگرن، بە ناچاری وەستێنران، چونکە ئەو ئاوەی لەو پرۆژانە بەرهەم دەهات، شیاوی خواردنەوە و بەکارهێنان نەبوو."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە "زێی بچووک سەرچاوەی دابینكردنی ئاوە بۆ ناوەندی هەردوو قەزای كۆیە و تەقتەق، ناحیەی ئاشتی و بەشێک لە گوندەكان. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، بە وشیارییەوە ئاو بەکار بهێنن، تا ئەو کاتەی ئاوەکە پاک دەکرێتەوە."
هۆگر کەیفی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: ئەو ماددە بۆنناخۆشانە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری زێی بچووکی بێزار کردووە و داوای زوو پاککردنەوەی ئاوەکە دەکەن.