بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت

لە ڕیاز، کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی جەنگی سێ ساڵەی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، بڕیاریشە ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا جارێکی تر لە ڕیاز لە سعوودییە کۆ ببنەوە و باس لە ئاگربەستی دەریایی لە دەریای ڕەش، بۆ پاراستنی کەشتییەکان، بکەن.

هاوکات بەرپرسانی واشنتن ڕایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکانی دوێنێ دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، لە نێوان شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لەسەر ویستەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵە ئۆکرانیا بووە.

ڕۆیتەز، لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا ئەرێنیی بوون، پێشبینی دەکرێت ڕاگەیندراوێک بەم نزیکانە بڵاو بکرێتەوە.

هەروەها سەرچاوەیەک ڕووسی نزیک لە شاندی دانوستانکار بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ڕاگەیندراوێکی هاوبەش کە پوختەی کۆبوونەوەکانی دوێنێی تێدا باس کراوە، لەلایەن شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، بۆ واشنتن و مۆسکۆ نێردراوە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بڵاو بکرێتەوە.

گریگۆری کاراسین، ئەندامی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی گوت: لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ شەو هەموو شتێک باس کراوە، کۆبوونەوەیەکی زۆر ڕاشکاو  و سوودبەخشمان کرد.

هەروەها ئاماژەشی دا، لەو کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن، بڕیاریشە لە داهاتوودا باس لە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە نێوانیاندا نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتانی دیکە، بکەن.

هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، کرێملن، بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، تاوکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک ئیمزا نەکراوە.

دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی ڕایگەیاند، لەگەڵ ئۆکرانیا دەربارەی کانزا دەگمەنەکان ڕێککەوتین و لە نزیکترین کاتدا ئیمزای دەکەین.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گرتە ڤیدیۆیێکدا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا، وڵاتەکەیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئۆکرانیا، کۆبوونەوەی ئەمەریکا و ئۆکرانیا ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەکانی ڕیاز، شاندی ئەمەریکا بە جیا لەگەڵ شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆ دەبێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، ڕووسیا پێشنیازی ئاگربەستی بۆ 30 ڕۆژ ڕەت کردەوە و داوای کرد تەنیا هێرشەکانی سەر ژێرخانە وزەییەکان ڕابگرن. 

لەکاتی بەرێوەچوونی کۆبوونەوەکان لە بارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هەر یەک لە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە هێرشکردنە سەر یەکتر، بەردەوامن. بەرپرسانی سوپای کێیڤ ڕایانگەیاند لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا 88 کەس بریندابوونە، هاوکات ڕووسیاش ئۆکرانیا بە کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووس و شۆفێرەکەیان تۆمەتبار دەکات.