جیهان بە کوردی دەدوێت!

ڕۆژی 9ـی نیسانی داهاتوو پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، دەکرێتەوە.

ڕۆژانی (9 بۆ 19ـی نیسانی داهاتوو) خولی 17می پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت.

سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، دامەزراوەی ئەلمەدا، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، ساڵانە دامەزراوەی (ئەلمەدا) بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر، بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی و هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەی دەبات. ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتی عەرەبی و جیهانییەوە تیایدا بەشدارن.

دەشڵێت: بەشێکیان لەوڵاتانی دراوسێ و مەغریبی عەرەبی و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون، کە یەکەم جارە بەشداریی ئەم پێشانگەیە دەکەن. 

هەروەها پیشانگەکە لەسەر ڕووبەرێکی 20 هەزار مەتری چوارگۆشە نمایش دەکرێت.

دامەزراوەی ئەلمەدا ئاماژەی بەوەش دا "جیهان بە کوردی دەدوێت"، ئەمە ناوی خولی 17مین پێشانگەکەیە، وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو جموجۆڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکانەوە بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێ کردووە، هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە.

باسی لەوەش کرد، بە درێژایی ڕۆژانی پێشانگاکە چەندان پانێڵ و دیبەیتی ڕۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمان، بە بەشداریی ڕۆشنبیران و شارەزایانی کورد و عەرەب بەڕێوە دەچن، لە پاڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی کتێب و گەشەی پیشەسازیی بڵاو کردنەوە، ئەمەش بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکەرەوە و کتێبخانەکانی عێراق.

ئەلمەدا ڕاشیگەیاند "هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەکەدا گفتوگۆی ڕۆشنبیری و کولتوری جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت بە بەشداریی نووسەرانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، لەگەڵ چالاکی خوێندنەوەی شیعر و ئیمزاکردنی کتێبە نوێیەکان، ئەم چالاکییانەش بە هەماهەنگیی لەگەڵ یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەبن. هەروەها چەندان ئاهەنگی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لە بارەی عێراق و ناوچەکەوە، ساز دەکرێن."