باوکێک بەهۆی گوێنەدانی کوڕەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکە لە مردن

"زۆر پارامەوە نەچێتە دەرەوە"

K24- هەولێر:

باوکێک لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا، جەنگی مانەوە لە ژیان دەکات، دوای ئەوەی کوڕەکەی گوێ بە ئامۆژگارییەکانی نادات و لەگەڵ هاوڕێکانی دەچێتە دەرەوە و کۆرۆنا بۆ ماڵەوە دەهێنێتەوە.

جۆن پلاسی تەمەن 42 ساڵ، دوو هەفتەیە لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردایە و دۆخی زۆر خراپە، کۆرۆنا لە مەرگ نزیکردووەتەوە.

هاوسەری جۆن بە رۆژنامەی ئیندیپێندتی گوتووە، لە کوڕەکە پاڕاینەوە و دوامان لێکرد نەچێتە دەرەوە، کوڕەکەش لە وەڵامدا دەیگوت، نیگەران مەبە تەنها یەک هاوڕێم دەبینم و دواتر دەچم بۆ دوکان هەندێک شت دەکڕم و دێمەوە.

دایکی ئەو کوڕە دەڵێت، لە کوڕەکەم پارامەوە کە کۆرۆنامان بۆ نەهێنێت چونکە باوکی کەمێک کێشی زۆرە و شێوازی ژیانی تەندروست نییە، بەڵام کوڕەکەمان ئەوەیکرد کە خۆی دەیویست.

ئەو خاتوونە دەڵێت، کوڕەکەمان بۆ خواردن و خواردنەوە دەچووە دەرەوە، رۆژێک هەستی بە نیشانەکانی کۆرۆنا کرد، دواتر زانی هاوڕێیەکی تووشی ڤایرۆسەکە بووە. پاشان هەموومان گرتمان، بەڵام هاوسەرەکەم دۆخی زۆر خراپە.

ئاماژە بەوەش دەکات، هاوسەرەکەم پلەی گەرمی هێند بەرزبوو، تەنانەت چاوەکانی پێ نەدەکرایەوە، بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەم، ئەم ڤایرۆسە جدییە و ترسناکە، ئەمە گاڵتە نییە و راستییە.

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەو باوکە لە نەخۆشخانە، لە ماڵپەڕی کۆکردنەوەی پارەی گۆفەندمی، هاووڵاتیان بڕی 35 هەزار دۆلاریان بۆ کۆکردەوە، بەڵام هێشتا تەندروستی ئەو باوکە ناجێگیرە.