وادەی چالاککردنی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر ڕێگای دهۆک و زاخۆ دیاری کرا

ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی (خاڵ بۆ خاڵ) لە چەند شەقامێکی سەرەکیی زاخۆ چالاک دەکرێن.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا هاووڵاتییان و شۆفێرانی ئاگەدار کردەوە "ڕۆژی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی، خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی سەرەکیی دهۆک بۆ زاخۆ و تونێلی گەلی زاخۆ بۆ فلکەی سحێلا، چالاک دەکرێن."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داواش لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی ژیانیان پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
هاوکات لە ڕاگەیەنەراوەکەدا خێرایی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و خێرایی بارهەڵگریش بە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، دیاریی کراوە.