نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە وەڵامی وەستا ڕەسول دەداتەوە

نووسینگەی وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی وەستا رەسوڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بەردەوامە و هیچ جیاوازیەک لە پێدانی ئازووقەی پێشمەرگەشدا نەکراوە.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەیداوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لە یەکێک لە کەناڵەکان، وەستا رەسوڵ، چەند لێدوانێکی بێ بنەما و ناڕاستی بڵاوکردووتەوە و بەپێویستی دەزانین ڕاستییەکان ڕوون بکەینەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، دەربارەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا، وەزارەتی پێشمەرگە ساڵانە لە مانگی ئادار و ئەیلولدا سەرجەم خشتەکانی پلە بەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات، چەند ساڵێک پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەکراوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەما و مەرج و ڕێنمایی داناوە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرز دەبێتەوە.

دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو، ئاماژە بەوەکراوە، 

هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نییە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە دا جەخت لەوەکراوە، ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەت، بەردەوامە و وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ دەستبەکاربوونی تاوەکوو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات.