کۆشکی سپی: ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن

کۆشکی سپی ڕایگەیاند: لەگەڵ هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی، کەشتی هیچ یەک لەو وڵاتانە لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و یەکتر نەکەنە ئامانج، دەشڵێت: ئەمەریکا هاوکاریی ڕووسیا دەکات بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بەگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگری لە یەکتر نەکەن.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەگوێرەی گفتوگۆکانی سەر ئاستی سەرۆکایەتی نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا،ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی دوو قۆڵی ئاستی تەکنیکی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 23 تا 25ـی ئادار لە ڕیازی سعودیە بەردەوام بوو.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەو گفتوگۆیانە، ئەمریکا و ئۆکرانیا ڕێککەوتوون لەسەر "گرەنتی گەشتی سەلامەتی کەشتییەکان و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی و ڕێگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای ڕەش".

کۆشکی سپی دەڵێت: هەروەها " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردن لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگ و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی مەدەنی، لەگەڵ گەڕاندەوەی ئەو  منداڵە ئۆکراینیانەی بە زۆرەملێ" برانە جەنگ.