ڕۆیتەرز مەرجەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا ئاشکرا دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا ئامادەیە بەشێک لە سزاکان سەر سووریا هەڵگرێت، بەو مەرجەی دڵنیابێت لەوەی کە کەسانی بیانی هیچ پۆستێکیان لە حکوومەتی نوێی سووریا پێنادرێت.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەزاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا لیستی ئەو مەرجانەی خستووەتە بەردەم حکوومەتی نوێی سووریا، لە بەرانبەر کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان. ئەمەریکا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە کەسانی بیانی هیچ پۆستێکی باڵایان لە حکوومەتی وڵاتەکەدا پێنادرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، ناتاشا فرانچێسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە 18ـی ئادار لە برۆکسل لیستی داواکارییەکانی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا.
سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەیان گوتووە، لە نێو ئەو مەرجانەی کە ئەمەریکا دایناوە، لەناوبردنی هەر کۆگایەک کە چەکی کیمیایی ڕژێمی پێشووی تێدا مابێتەوە، هەروەها دەبێت حکوومەتی نوێی سووریا هاوکار بێت لەگەڵ هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
بە پێی سەرچاوەکان، ئەمەریکا داوای لە سووریا کردووە، کەسێکی پسپۆر ڕاسپێرێت و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەمەریکییەکان بۆ دۆزینەوەی ئۆستین تایسی ڕۆژنامەنووس، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە سووریا بێسەروشوێنە.
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەگەر سووریا بە هەموو مەرجەکانی ئەمەریکا ڕازی بێت، ئەوا ئەو کات ئەمەریکا ئامادەیە بەشێک لە سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵگرێت.