ڤیان سەبری: هیچ لایەنێک لە پەرلەمان ناڕەزایی لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەرچەند ساڵێک لەمەوبەر خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژە یاسای بە پاریزگابوونی هەڵەبجە کراوە، پێشیان وایە هیچ لایەنێک ناڕەزایی لەسەر پرۆژە یاساکە نییە و ئەمشەو مووژدەیەکی خۆش بە هەڵەبجەییەکان دەدەن.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوێنێ خشتەی دانشتنی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان ناڕەزایی لەسەر ناوەڕۆکی کارنامەی دانیشتنەکە نیشان نەدا، گوتی: هیوادارین ئەمڕۆ مووژدەیەکی خۆش بدەینە خەڵکی هەڵەبجە و بیکەینە پارێزگای هەڵەبجە.
ڤیان سەبری دەڵێت: ساڵێک پێشتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەممان بۆ پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە، بەڵام دەنگدان لەسەری نەکرا تاکوو حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان بوو، دەشڵێت: هەندێک قسەو باسی لەسەر کرا، لەوانەش تەلەعفەر و فەلوجەش بکرێن بە پارێزگا، ئێمە کە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەمان خستە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان، لایەنەکانی دیکە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ هیچ ناڕەزایەتییەکیان نیشان نەدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هاودەنگن و یەکدەنگن، هیچ بابەتێک نەخراوەتە بەرانبەر پرسی بە پارێگابوونی هەڵەبجە، پێویستە پارێزگاکە قەرەبووش بکرێتەوە نوەک هەر بکرێتە پارێزگا.
گوتیشی: پێویستە وەکو پارێزگاکانی دیکە بوودجەی بۆ دابین بکرێت لەچوارچێوەی بوودجەی فیدراڵدا.
بە گوێرەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، دەبوا کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو کە دوا کەوت بەهۆی تەواو بوونی ڕێژەی یاسایی، پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی شەش بڕگە کۆ بێتەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش، دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەری دواخراوە، ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، هەڵەبجە دەبێتە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان لە دوای هەولێر، سلێمانی و دهۆک.