دەنگدان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ سبەی دواخرا
بەهۆی یاری هەڵبژاردەی عێراق – فەڵەستن، پەرلەمانتاران دەنگیان بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە نەدا

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی دەنگدان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ سبەینێ چوارشەممە دواخرا.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو بۆ سبەینێ دواخراوە، هەرچەند پێشتریش بەهۆی ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران و تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک دواخرا.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە بۆ سبەی دواخرا، 129 ئەندام پەرلەمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
سیپان شێروانی ئاشکرای کرد، شاشە لە کافیتریای پەرلەمان شاشەی تەلەفزیۆنی گەورە داندراوە، ئەندامانی پەرلەمان سەیری یاری نێوان عێراق و فەڵەستین دەکەن و نەهاتنە نێو کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
سیپان شێروانی دەڵێت: هێشتا عەقڵەتێک هەیە ئامادە نییە دەنگ بە قوربانی و هەزاران مداڵی کیمابارانکردنی هەڵەبجە بدرێت بۆ ئەوەی بکرێتە پارێزگا، دەشڵێت: لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو دەرکەوت، نزیکەی 100 پەرلەمانتار بندیوارن، لە زۆر حاڵەت لە 329 ئەندام پەرلەمان، ڕێژەی یاسایی ناگاتە 200 ئەندام پەرلەمان.
یەکەم جار نییە کە لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە ڕێژەی نایاسایی تەواو ناکەن، پارت و لایەن هەن داوای بە پارێزگابوونی قەزای دیکەی عێراقی دەکەن.