بەناوی عەسائیب ئەھلولحەق داوای پارە لە ژمارەیەک دوکانداری کەرکووک دەکرێت
دوكانەكانیان سوتا و ئێستاش داوای پارەیان لێدەكرێت
K24 – كەركووك
دوای سوتانی بازاڕی قەیسەری كەركووك بەڵێن بە دوكاندارەكان درابوو، دوای نۆژەنكردنەوەی دوكانەكانیان پێبدرێتەوە، بەڵام ئێستا كێشەیان بۆ دروستكردون و ژمارەیەك چەكداریش كە خۆیان بە عەسائیب ئەھلولحـەق ناساندووە، داوای پارەیان لە دوكاندارەكان كردووە.
وەك ناڕەزایی دژی ئەم ھەوڵە ئەمڕۆ بەشێك لە دوكاندارەكان گردبوونەوە و داوایان كرد كە زوڵمیان لێ نەكرێت و دوكاندارەكانیان پێبدرێتەوە.
یەكێك لە دوكاندارەكان بە كوردستان24ی گوت: "پێشتر ساڵانە گرێبەستمان نوێ دەكردەوە و كێشە نەبوو، بەڵام ئەمساڵ چەند كەسێك ھاتوون دەڵێن دوكانەكان بە ئێمە بدرێت، ھاوكات ژمارەیەك چەكدار كە خۆیان بە ئەندامی عەسائیب ئەهلولحەق ناساندووە، داوای پارەمان لێدەكەن".
ئەو دوكاندارانە كە كوردن، دەڵێن "لەسەر ماڵ و زێدی خۆمان زوڵمان لێدەكەن، ئێمەش بە ھیچ شێوەیەك ئامادەنین دەستبەرداری مافی خۆمان بین".
یەكێكی دیكە لە دوكاندارەكان ئاماژە بەوەدەكات "جگە لەوەی دوكانەكانمان سوتان لە جیاتی ئەوەی كە قەرەبوومان بكەنەوە ئێستا ھاتوون داوای پارەمان لێدەكەن و دەیانەوێت لە دوكانەكان دەرمان بكەن".