عێراق.. دوای 19 ساڵ تاوانبارێکی تاوانی زنجیرەیی دەستگیرکرا

چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، هێزەکانی پۆلیسی ڕەسافە تاوانبارێکی داواکراویان لە پارێزگای بەسرە و میسان دەستگیرکردووە، بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین تاوانی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، تاوانبار لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە چەندین تاوانی  کردووە، لەوانە؛ ساڵی 2006، لەگەڵ کەسوکارەکەی بەشداریی لە کوشتنی کەسێک لە ناوچەی ئەلعزەیر کردووە، هەروەها لە ساڵی 2013، کەسێکی دیکەی دیکەی بە کڵاشینکۆف لە ناوچەی کەرەمە کوشتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو تاوانبارە لە ساڵی 2017دا لەناوجەی سوب ئەلهویر، ئۆتۆمبێلی کەسێکی دزیوە و خاوەنەکەشی کوشتووە، پاشان ئۆتۆمبێلەکەی بە بڕە پارەیەک فرۆشتووە و تەرمەکەشی لە ناوچەیەکی دیکە فڕێداوە.

هەروەها لە ساڵی 2018دا کەسێکی دیکەی بە کڵاشینکۆف لە ناوچەی 'بوب شام' کوشتووە، لە ساڵی 2019شدا، بە هاوکاریی کەسانی دیکە کەسێکیان لە ناوچەی 'کوت زنین' لە پارێزگای بەسرە کوشتووە.

هەروەها تاوانبار دانی بەوەناوە کە کارتی نیشتیمانی خۆی لە پارێزگای بەسرە ساختە کردووە تاوەکوو نەناسرێتەوە، چونکە پێشتر زانیاری لەسەر تاوانەکانی دراوە و داواکراوبوو.

سەرچاوە ئەمنیەکە باسی  لەوەش کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی یاسایی پێویستیان گرتووەتەبەر و تاوانبارەکەیان ڕاگرتووە، تا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ بکەن.