دوو بانک دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشنینانی شارستانی دەکەن

هەردوو بانکی قەڵات و حەمرین لە هەولێر، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری خانەنشنینانی شارستانی دەکەن.
بانکی قەڵات لە هەولێر، لــە ڕاگەیەنراوێکدا ئـــاماژەی بـــەوە کردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-03-2025، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی خانەنشنینانی شارستانی دەکەن.
بانکی قەڵات لـــە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا باســی لەوەش کردووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر 01:00 دەرگای بانکەکەیان بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی کراوە دەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، بانکی (حەمرین)ـیش لە کەسنەزان بە هەمان شێوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، مووچەی مانگی ئاداری خانەنشینانی شارستانی دابەش دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ سێشەممە، 25-03-2025، بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم ڕێکارەکانی تەموویلی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆر، فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی تەواو کردووە کە بڕەکەی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینارە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-03-2025، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.