دابەشکردنی بەشەخۆراک دەست پێ دەکاتەوە

دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ دەکاتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمیش دەڵێت: هەوڵ دەدەین تاوەکوو پێش جەژن سەرجەم هاووڵاتیان بەشەخۆراکی خۆیان وەربگرن.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک و سێیەمین ئاردی ئەمساڵ دەست پێ دەکاتەوە و ئێستە لیست دەدرێتە سەرجەم بریکارەکانی خۆراک.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەخێرایی مادە خۆراکییەکان بۆ بریکارەکان دەنێرین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پێش جەژن بتوانن وەریبگرن.
دەربارەی ئاردی مانگی سێ، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکاریی تەواو کراوە، بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان و هاڕینیان لە ئاشەکان و دابەشکردنی ئارد بۆ سەرجەم بریکارەکان.
مادە خۆراکیەکان پێک هاتوون لە: سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، چوارسەد گرام دۆشاوی تەماتە، یەک لیتر زەیت، نیوکیلۆ نیسک، نیوکیلۆ لەتکە نۆک.

 لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.

 
 
Fly Erbil Advertisment