پەرلەمانی كوردستان دۆخی ناوچە سنووری و ناوچە كوردستانییەكان تاوتوێ دەكات

دوو راپۆرت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كراون

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانى كوردستان به بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە بارەی دۆخی ناوچە سنووریەکان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لە نوسراوێکدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، هەریەك لە وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا ئامادەبن، چاوەرێش دەکرێت لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئه‌نجام بدرێت و چەند لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە راپۆرتیان داوەتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، دوو راپۆرت لە بارەی دۆخی ناوچە سنووریەکانى هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێمی کوردستان ئامادە کراون. پەرلەمان دەیەوێت لە بارەی هەردوو راپۆرتەکە بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کۆببێتەوە، پیشبینیش دەکرێت کۆتايی ئەم هەفتەیە پەرلەمانى كوردستان به بەشداری چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بڕيار لەسەر ئەم دوو راپۆرتە بدات.

H.B