دەستەی کەشناسیی عێراق: ڕۆژی یەکەمی جەژن باران دەبێت

دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان باران بێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەینێ هەینی، نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت لە سەرتاسەری وڵات، بەڵام پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق بەرز دەبنەوە و لە ناوچەی ناوەڕاستیش نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

دەستەی کەشناسیی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی شەممە، نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت، لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی  بۆ مامناوەند لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، هەروەها پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری وڵات هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.

 دەستەکە، پێشبینی کەشوهەوای ڕۆژی یەکشەممەشی کردووە و دەڵێت، نیمچە هەور بۆ هەور دەبێت هەروەها نمەباران بۆ مامناوەند لە چەند شوێنێک دەبارێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو، بەڵام لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەمێک دادەبەزێت.

 ڕوونیشی کردەوە، پیشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو نیمچە هەور بێت، لەگەڵ ئەگەری نمەباران بۆ مامناوەند لە چەند شوێنێکی جیاجیای عێراق.