هاتووچۆی هەولێر: لەڕۆژانی جەژندا هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل قەدەغەیە

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕوونەدانی جەنجاڵی و بەرژەوەندیی گشتیی، بڕیار درا بە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە و هەموو جۆرەکانی ماتۆڕسکیل، لە هەرسێ ڕۆژی جەژندا.
پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی نەورۆز کەوتە کۆتاییەکانی مانگی ڕەمەزان و هاووڵاتییان لە ڕۆژانی جەژندا دەچنە سەیران و گەشت، هاتوچۆی هەولێر لە ڕۆژانی جەژندا کارمەندەکانی لەو شوێنانە دەبێت کە هاتوچۆیان لەسەرە.
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت: کارمەندەکانمان جووڵەی هاتوچۆ کۆنترۆڵ دەکەن و لە پێناو ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕوونەدانی جەنجاڵی و بەرژەوەندیی گشتیی، بڕیار درا بە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە و هەموو جۆرەکانی ماتۆڕسکیل، لە هەرسێ ڕۆژی جەژن لە کاتژمێر 7 سەر لەبەیانی تاکوو 12ـی شەو.