بلومبێرگ: ئیلۆن مەسک سوودمەندی باجەکانی ترەمپە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی، یەکێکە لەوانەی قازانج لەو باجانە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیلدا سەپاندوویەتی.

ئاژانسی بلومبێرگ، بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای تێسلا کە خاوەنەکەی ئیلۆن مەسکە و لە حکوومەتەکەی دۆناڵد ترەمپە، یەکێکە لە گەورەترین سوودمەندانی پیشەسازیی ئۆتۆمبیل، چونکە ئەو باجە نوێیانەی ترەمپ بەسەر ئۆتۆمبێلی هاوردە و پارچە یەدەگەکانیدا سەپاندووە، کۆمپانیاکەی مەسک ناگرێتەوە.

لەهەمان کاتدا، کۆمپانیا ڕکابەرەکانی وەک 'هۆندا، ڤۆڵکسواگن و جەنەراڵ مۆتۆرز' بەهۆی ئەوباجانەی بەسەریاندا سەپێنراوە، تێچوویان بەرزبووەتەوە، باجەکانیش بەسەر هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێک و پارچەکانی دەسەپێنرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەپاندنی ئەو باجە نوێیانە کاریگەریی زۆری لەسەر پیشەسازیی ئۆتۆمبیل دەبێت، هەروەها بەکارهێنەران ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە لە کاتی کڕینی ئۆتۆمبیلە هاوردەکراوەکان.

لەوچوارچێوەیەدا، شرۆڤەکاری ئابووری، گارێت نیلسۆن دەڵێت: تێسلا کەمترین کاریگەریی باجە نوێیەکەی لەسەر دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کۆمپانیایەکی ناوخۆییە، هەروەها لەسەدا 80ـی ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە ئەمەریکا دەفرۆشرێن هی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە، باجی گومرگی نوێ بە ڕێژەی 25% بەسەر سەرجەم ئۆتۆمبێلە نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرەکانی هاوردەکراو دەسەپێندرێت، هەروەها بەسەر پارچەی یەدەگی سەرەکی وەک بزوێنەر و گێڕ و پێکهاتە کارەباییەکان، جێبەجێ دەکرێت.