عەلی دۆلەمەری: ئاهەنگەکەی کۆڵن بۆ جیهانی سەلماند کە کورد فاکتەرێکی سەقامگیریی ناوچەکەیە

عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

دووەم ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز ئەمشەو لە بارەگای شارەوانیی پاریس بە ئامادەبوونی نوێنەری دامودەزگاکانی فەرەنسا و دیپلۆماتان بەڕێوەدەچێت. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت: ئاهەنگەکەی کۆڵن بۆ جیهانی سەلماند کە کورد فاکتەرێکی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئاهەنگێکی تایبەت بە نەورۆز لەنێو شارەوانیی پاریس ساز دەکرێت، تایبەت بۆ دیپلۆمات و نوێنەری دامودەزگاکانی فەرەنسا، ئەمە دووەمین ئاهەنگی تایبەتە بە نەورۆز، ئاهەنگی یەکەم تایبەت بوو بە ڕەوەندی کوردی کە ژمارەیەکی زۆری کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریان کرد.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گوتیشی: لە ئاهەنگەکەدا ڕێکخراوەکانی کوردی لە فەرەنسا بەشدار دەبن، ئەمە جگە لەوەی خواردنە کوردییەکان نمایش دەکرێن و ژەنیاری بەناوبانگی کورد دڵشاد سەعید بەشدار دەبێت.

عەلی دۆلمەری باسی لەوەشکرد، لە ئاهەنگەکەی کۆڵن بە هەموو جیهان پێشاندرا، کە کورد فاکتەرێکی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

لە ڕۆژی 21ـی ئادار لە پاریس ئاهەنگی نەورۆز بۆ کوردانی تاراوگە ڕێکخرا و ژمارەیەکی زۆری کورد بەشدارییان تێدا کرد.