وەزارەتی کارەبا: بەم زووانە تەواوی دهۆک ڕووناک دەکەینەوە

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: ئێستا کارەبی 24 کاتژمێری، گەیشتووەتە دوو گەڕەکی شاری دهۆک و بەم زووانە تەواوی پارێزگاکە کارەباکەیان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی دەبێتە 24 کاتژمێری.
پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئێستادا کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە هەردوو گەڕەکی بەڕۆشکێ و سەرهڵدان، لەگەڵ هاتنی کارەبای 24 کاتژمێری شاری دهۆک ڕووناکتر دەبێتەوە کە تەنیا لە گەڕەکی سەرهەڵدان نۆ هەزار هاوبەشی کارەبا هەن.
وەزارەتی کارەبا ئەمەشی خستۆتەڕوو، بەم زووانە کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە سەرجەم گەڕەکەکانی دیکەی پارێزگای دهۆک.
لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن كارەبای 24 کاتژمێری.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.