شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە ھەولێر

لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

K24 – ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن، یەكێك لەو پرسانەش پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنییە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 راگەیاند: "شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێكی نێوانیان دەكەن".

پەیامنێرمان لە زاری جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "لە كۆبوونەوەكانی رابردوو لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ھەماھەنگی لە چەند ناوچەیەك گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی".

ئاماژەی بەوەشكرد: "وەزارەتی پێشمەرگە بە شاندی وەزارەتی بەرگری عێراقی گوتووە، لەمەودوا لە ھەر شوێنێكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، سوپای عێراق ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات، دەبێ ھێزی پێشمەرگە بەشداربێت، ھەروەھا لەو ناوچانە خاڵی ھاوبەش ھەبێت و بۆشایی ئەمنی پڕ بكرێتەوە، كە تائێستاش شانە نوستووەكانی داعش چالاكی لەو شوێنانە ئەنجامدەدەن".