واشنتن پێشنیازی ئاگربەستێکی نوێ دەخاتە بەردەم حەماس

بۆ ڕۆژی سێیەم، سەدان کەس لە هاووڵاتییانی غەززە هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر حەماس و شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ئیسرائیل پیشاندا.

هاووڵاتییانی غەززە داوایان لە حەماس دەکرد لە کەرتی غەززە بچێتە دەرەوە، لە پێگە کۆمەڵایەتییەکانیش وێنەی خۆ پیشاندانەکانی خەڵکی غەززە زۆر بە فراوانی بڵاوکرایەوە، تێیدا دەردەکەوێت، خۆ پیشاندەرانی غەززە دروشمی(حەماس بۆ دەرەوە) و ( حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە) یان بەرزکردبوەوە، حەماسیش هۆشداریی بە خەڵکی غەززەدا لەوەی پشتیوانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەکەن.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەڕێگەی وڵاتە نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەستێکی نوێ و فراوان، بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەیەکی ئەمەریکی.

پێگەکە لە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل گواستوویەتییەوە، ئەو پێشنیازە نوێیە لەڕێگەی قەتەرەوە بە لایەنی بەرامبەر (بزووتنەوەی حەماس) گەیشتووە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەری.

ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژانی پێشوو ئەمەریکا فشاری لە میسر و قەتەر کردووە، لەگەڵ حەماس هەوڵ بدەن و ڕازی بکەن بەوەی چەند بارمتەیەکی دیکە ئازاد بکات، بەوە ئارامی جارێکی دیکە ڕوو لە غەززە دەکات.