لوبنان ئامادەنییە گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە

ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، جۆزیف عۆن، سەرۆکی لوبنان هەڵوێستی حکوومەتەکەی دەربارەی دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاشکرای کرد.
ڕۆژنامەی لی فیگارۆی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە کە جۆزێف عۆن، سەرۆی لوبنان ڕایگەیاندووە، "لە ئێستا گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەست پێ ناکەینەوە، بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک دەست پێبکەینەوە".
عۆن گوتیشی: "ئێمە بە تەواوی پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 و بەڵام ئیسرائیل ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل دەکات، ئەمەش جێگەی داخە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لوبنان کار بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە دەکات، کە پەیوەندییان بە سنوورە وشکانی و دەریاییەکانەوە لەگەڵ سووریا هەیە، هەروەها دەبێت کێشەی پەنابەرانی سووریش لە لوبنان بە هەمان شێوە چارە بکرێت.