سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئەگەر ئەمەریکا هێرشی سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان بکات، بێ وەڵام نابین

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا نەبوونی ڕێککەتنی ئەتۆمی بە دەرفەت بزانێت و لە هەڕەشەکانی بەردەوام بێت، کۆماری ئیسلامی ئێران چیتر دەستەوەستان نابێت و وەڵامی هەڕەشەکان دەداتەوە.

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، لە بۆنەی نیشتمانی ڕۆژی قودس، لە زانکۆی تاران وتارێکی پێشکەشی ئامادە بووانی بۆنەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر سەروەریی خاکی ئێران و بنکە ئەتۆمییەکان بە ئامانج بگرێت، بە دڵنیاییەوە تاران دەستەوەستان نابێت و هێرش دەکاتە سەر هەموو بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و لە ئاگریان هەڵدەکێشێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەکانی جددیتر کرد و ئاماژەیدا، تەنانەت چاوپۆشی لە بنکەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاش ناکەن لە ناوچەکە.

محەممەد قالیباف لەبارەی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ گوتی: نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جگە لە کەڵەگایی، شتێکی ئەوتۆ و گرنگی تێدانەبوو، باسی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانی نەکردبوو، بەڵام خەیاڵیان خاوە و ناتوانن ئێران هەڵبخەڵێتێنن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن.

جارێکی دیکە جەختی لە قسەکانی ڕێبەری باڵای ئێران کردەوە و ڕایگەیاند، لە ژێر فشار، ناچنە نێو هیچ دانوستانێک، گوتیشی: دانوستان لە بارودۆخێکی وەهادا خۆبە دەستەوەدانە.

پێشتر لە بارەی کات و شێوەی وەڵامدانەوەی نامەکەی ترەمپ، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 27ـی ئاداری 2025، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو و له‌ ڕێگه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ی عوممان وه‌ڵامی تره‌مپ دەدەنەوە.