گەشتیارێکی بیانی دەستگیر کرا کە زیاتر لە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبووە

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لە دروازەی شەلامچە، دەستیان بەسەر نزیکەی یەک کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەری جۆری (کریستاڵ)دا گرت.

دەستەی دەروازە سنووریەکان ڕاگەیاندراویکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووری شەلامچە توانیویەتی گەشتیارێکی بیانی دەستگیر بکات و دەست بەسەر (1450) گرام ماددەی کریستاڵدا بگرێت".

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو گەشتیارە ماددەکەی بە دوو شێوە شاردبوویەوە، کە هەندێکی لەناو بۆرییەکی ئاسنین کە هەردوو سەری داخراو بووە، شاردبوویەوە، هەندێکی دیکەشی لەناو پارچە نانێکی تۆست شاردبوویەوە، کە دەیویست بەقاچاخ بیهێنێتە ناو عێراق، بەڵام هەوڵەکەی پووچەڵ کرایەوە و دەستگیر کرا."

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، " تۆمەتبارەکە و ماددە هۆشبەرەکە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کران بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەدژی."