لێژنەی باڵای بینینی مانگ: سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە

لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە.

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنیش، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و هیوای خواست، بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات.

ئەمە دەقی پەیامی سەرۆک وەزیرانە:

بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. ئومێدەوارم پشووی جەژن، لە خۆشی و شادی و ئارامیدا بەسەر ببەن.

لە خوای مەزن نزاکارین کە ڕۆژوو و خواپەرستیی هەمووان قبوڵ بکات و هیوادارین بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات.

جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاشتی و تەناهی و تەندروستیدا بژین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/3/29

29 ئازار 2025