سەرۆک کۆماری عێراق: پیرۆزبایی جەژن لە هەموو عێراقییەک دەکەم
عەبدولـلەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد و جەختی لە گرنگی هاودەنگیی نێوان هاووڵاتیان و کارکردنی هاوبەش بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و باشترکردنی ئاستی ژیان کردەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆمار عەبدلـلەتیف جەمال ڕەشید، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ، پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی عێراق و تەواوی موسڵمانانی وڵاتانی ئیسلامی دەکات، لە خودا دەپاڕێتەوە کە "بە خۆشی و بەرەکەت بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و گەلەکەی.
ئەمە لە کاتێکدا، دەستەی زانایانی ئیسلامی عێراقی، سبەی وەک ڕۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان ڕاگەیاندووە لەگەڵ خانەی فەتوای عێراقی کە سبەی 30ـی ئاداری وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرد،
لە بەرامبەردا، دیوانی وەقفی سوننی عێراقی، لە ڕاگەیاندراوێکی پێشووی سبەی وەک جەژن ڕاگەیاند، بەڵام هەر زوو لە ڕاگەیەندراوەکەی پەشیمان بوەوە و ڕایگەیاند، سبەی 30ـی ئاداری 2025، تەواوکەری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە.
بەو شێوەیە، ناکۆکی کەوتە نێو لایەنە سووننەکانی عێراق، بەشێکیان سبەی یەکشەممە 30ـی ئاداریان کردووەتە جەژن، بەشێکی دیکەیان وەکو لایەنی شیعی، ڕۆژی دووشەممەیان کردە جەژن و سبەیان کردە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.
ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەشی لە هەرێمی کوردستان دەژین، کەوتوونەتە نێوان دوو بڕیاری زەحمەت، سبەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بیکەنە جەژن، یاخود بەپێی وەقفی سوننی عێراق مانگی ڕەمەزان درێژە پێبدەن و دوو سبەی وەک شیعە بیکەن بە جەژن، سەرباری ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی جەژنی لە موسڵمانانی عێراق کردووە.