دوای جەژن پرسی دابەشکردنی پۆستەکان یەکلا دەکرێتەوە

پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی ساندی دانووستنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان ڕایگەیاند: دەستبەجێ دوای جەژن، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەست بە گفتوگۆکانی دابەشکردنی پۆستەکان و کاروبارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئاداری 2025، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامی شاندی دانووستنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان، لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە یەکێ لە مزگەوتەکانی هەولێر لە کاتی نوێژی جەژن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند گوتی:ڕێککەوتنی سیاسی باش لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان ئەنجام دراوە، ڕاستەوخۆ دوای جەژن گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.

پشتیوان سادق گوتیشی:  ئومێد دەکرێت بە ئەرێنی ئیش و کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بەڕێوە بچێت، پارتی و یەکێتی بەشێوەی سەرەکی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن.