تاڵیبان ئافرەتێکی ئەمەریکی ئازاد کرد

ئافرەتێکی ئەمەریکی کە لەلایەن تاڵیبانەوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەبێ مۆڵەت دەستبەسەرکرابوو ئازاد کرا.

ئاژانسی ئەی پی بڵاویکردەوە، قەتەر ڕۆڵی هەبوو لە ئازادکردنی ئافرەتێکی ئەمەریکی کە چەند هەفتەیەک بوو لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان بە دیل گیرابوو، ئازاد کرا.

فەی دەیل هۆڵ، لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەبێ مۆڵەت دەستگیرکرا، دواتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئازادکرا، لەلایەن نێوەندگرانی قەتەرەوە دانوستانیان لەسەر کردبوو. ئەمەش بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەک نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، هۆڵ گواستراوەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی قەتەر لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و باری تەندروستیی باشە. ڕێکخستن بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا دەکرێت.

لای خۆیەوە زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لە پڵاتفۆڕمی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و ئازادکردنی هۆڵی پشتڕاستکردەوە و وێنەیەکیشی بڵاو کردەوە.

زەڵمای خەلیلزاد، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەژێر چاودێری هاوڕێ قەتەرییەکانماندایە لە کابول، بەم زووانە دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

بەکەمی وردەکاری دەربارەی دۆسیەکە یان بارودۆخی دەستبەسەرکردنی ئاشکرا کراوە، لەوانە بۆچی لە ئەفغانستان بووە؟ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هەواڵە نەداوە.

پێدەچێت هۆڵ چوارەم هاوڵاتی ئەمەریکی بێت کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردووەوە لە ئەفغانستان ئازاد بکرێت.