ئەردۆغان: پێویستە پەکەکە گوێ لە عەبدولڵا ئۆجەلان بگرێت
ئەردۆغان رایگەیاندووە، کاتی ئەوە هاتووە دوور لە بەفیرۆدانی کات، پەکەکە گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا تیشکی خستووەتە سەر پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئەردۆغان لەپەیامەکەیدا دەڵێت: بەپێی نەخشەڕێگاکەیان بەردەوامن لەو کارانەی دەستیان پێکردووە بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر"، گوتیشی، دەوڵەت رێگای دا بانگەواز بکرێت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوی چەکدار دوور لە بەفیرۆدانی کات، گوێبیستی بانگەوازەکە بێت و چاوەڕێ دەکەن رێکخراوەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بە تەواوەتی چەک دابنێت. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم ڕووەوە ئەوان خاوەنی کات و چاوەڕوانی بێسنوور نیین، پێویستە داواکاری بانگەوازەکە جێبەجێبکرێت، ڕاشیگەیاندووە، پێشهاتەکانی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی، ژینگەیەکی گونجاوتر لە جارانی بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە هێناوەتە ئاراوە.
لەکۆتایی پەیامەکەی دەڵێت، کاتێک بە ئامانجەکەیان دەگەن، بەتەواوی وڵاتەکەیان لە بەڵایەکی خوێناوی و سەختی 40 ساڵە ڕزگار دەبێت.