سێ تەقینەوە لە هەفتەیەکدا لە کەرکووک... ئەوەی بۆمبەکانی داناوە لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت
دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن "ناسنامەی دیار نییە"
K24 - کەرکووک
ئۆتۆمبێلەکەی حاجی یەشار کەمتر لە پێنج مەتر لە شوێنی بۆمبە چێنراوەکەی گەڕەکی موسڵای کەرکووک دووربوو، کاتێک تەقیەوە، ئەو کەسەی بۆمبەکەشی داناوە، لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە.
خێزانەکەی حاجی یەشار لە نەتەوەی تورکمانە و بەدەنگی تەقینەوەیەکی بەھێز لەگەڕەکەکەیان بەخەبەر هاتووە. حەمدییە قازانچە، هاوژینی حاجی یەشار دەڵێ: "ھەرچی دەرگا و پەنجەرەمان ھەیە شکا، دەنگێکی زۆر بەھێز بوو، ئۆتۆمبێلەكەمان تێکچوو و زیانی پێگەیشت".
ئەو شوێنەی کرایە ئامانج، بارەگایەکی تورکمانە شیعەکان بوو کە تەنھا دوو پاسەوانی ھەبوو. لە کامێراکانی چاودێریشەوە ئەو کەسە دەرکەوتووە، کە بۆمبەکەی داناوە، بەڵام ھێشتا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان نەهاتووە.
لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بە سێ شێواز، سێ بۆمبی چێنراو لەبەردەم بنکە و بارەگا و شوێنە گشتییەکان لە کەرکووک دانراون. هەر ئەو کەسەی لە کامێرای چاودێرییەکەوە دەردەکەوێت لەکاتێکدا خەریکی دانانی سێیەم بۆمب بووە، دەستی لە دانانی دوو بۆمبەکەی دیکەشدا هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش دەڵێن ناسنامەی دیار نییە.
بۆمبێکی دیکە لە پێش بارەگایەکی دیکەی تورکمانی دانرا ھەر لە ھەمان گەڕەک، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
ماردین کووکقایە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێ: "ئەم بۆمبە بۆ ئێمە داندرابوو، ئەگەر مەبەستەکە خەڵک بووایە لەبەرامبەر ئێمە نەدەبوو، بەڵام ئەو کەسە ویستوویەتی نزیکتر بێت لەبارەگاکەمان، بەڵام نەیتوانیوە بەھۆی ئەوەی پاسەوانەکان نزیک بوون".
بارودۆخەکە ئێستا بە دڵی پێکھاتەکانی کەرکووک نییە، چونکە زیاتر لە 14 هێزی جۆراوجۆر لە شارەکەدا هەن و نەتوانراوە ئاسایش بۆ ھاووڵاتیان دابین بکرێت.
هـ.ر.