34 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنییەکە تێ دەپەڕێت

ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنییەکەی 1991ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێ دەپەڕێت. کۆڕەوەکە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕژێمی ئەو کاتی بەعس بوو.

نزیکەی 10 ڕۆژ دوای راپەڕین و ئازادکردنی زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان لە دەستی ڕژێمی بەعس، لە 31ی ئاداری ساڵی 1991، سوپای ئەو کاتی عێراق هێرشێکی زەویی و ئاسمانی بەرفراوانی کردە سەر باشووری کوردستان. لە ئەنجامدا، نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد، ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشت و بە ڕێگە سەختەکاندا خۆیان گەیاندە سنوورەکانی ئێران و تورکیا. 

کۆڕەوەکە سەخت و دژوار بوو. منداڵ و پیر و پەککەوتەکان زۆرترین ئازاریان چەشت. ئاو، خواردن، چادر و دەرمان و چارەسەری پزیشکی بە دەگمەن دەست دەکەوتن. هەزاران کەس، بە تایبەتیش منداڵ و بەتەمەنەکان، بەهۆی سەرماوە گیانیان سپارد.

لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کەمپی کاتی لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دروست کران. بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تاوەکو 6ـی نیسانی 1991، 750 هەزار کورد گەیشتنە نێو سنووری ئێران، 280 هەزاریان گەیشتنە نێو سنووری تورکیا و 300 هەزاری دیکەیان لەسەر سنووری ئەو وڵاتە مانەوە.

ئێران هەر زوو سنوورەکانی بەڕووی کورددا کردەوە، بەڵام تورکیا سەرەتا ڕەتی کردەوە سنوورەکەی بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوە، دوای گوشاری نێودەوڵەتی و وەرگرتنی هاوکاریی دارایی، ئینجا دەرگەی بە ڕووی پەنابەراندا کردەوە.