سەرۆکی تاڵیبان: دیموکراسی لە ئەفغانستان کۆتایی هاتووە
هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی تاڵیبان ڕایگەیاند "پێویست بە یاساکانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان ناکات و دیموکراسی لەو وڵاتە تەواو بووە، ئیتر یاسای ئیسلامی کاری پێدەکرێت".
ئاخوندزادە، ئەم قسانەی لە میانەی وتاری جەژنی ڕەمەزان لە مزگەوتی جەژن لە شاری قەندەهار لە باشووری وڵاتەکەی کرد.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی سەرەکی تاڵیبان، پەیامی سەرۆکی تاڵیبانی لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە، ئاخوندزادە دەڵێت: پێویست بە یاسای ڕۆژئاوا ناکات، ئێمە یاسای خۆمان هەیە، جەخت لەسەر گرنگی یاسا ئیسلامییەکانیش دەکەینەوە.
ڕاشیگەیاند "لایەنگرانی دیموکراسی هەوڵدەدەن خەڵک لە حکوومەتی تاڵیبان جیابکەنەوە".
ئاخوندزادە ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا گرت و ڕایگەیاند "کافرەکان لە دژی موسڵمانان یەکگرتوو بوون، لە دوژمنایەتیکردنیان لە بەرانبەر ئیسلام"، بە ئاماژەدان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.
لێکدانەوەی تاڵیبان بۆ یاسای ئیسلامی قەدەغەکردنی کچانی ئەفغانستانی لە خوێندن و زۆرێک لە کار و زۆربەی شوێنە گشتییەکان دووریان دەخاتەوە. ئەم ڕێوشوێنانە تاڵیبان جیهانی شۆک کردووە، لەگەڵ ئەوەش پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی لەوانە چین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەیە.